له‌ مه‌هاباد كۆڕی ڕه‌خنه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی فه‌رهه‌نگی زاره‌كیی موكریان به‌رێوه‌ چوو

2009/1/4

 

14-10-1387

كوردستان میدیا ـ ناوه‌ندی خه‌به‌ریی‌ PDKI: رۆژی پێنچ شه‌ممه‌، كۆڕی ڕه‌خنه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی فه‌رهه‌نگی زاره‌كیی موكریان ده‌ستی پێ كرد.
سه‌ره‌تا دوكتۆر عوسمان موحه‌ممه‌دپوور، وێرای به‌خێرهاتن كردن له‌ میوانه‌كان، سوپاس و ده‌ست خۆشی له‌ سه‌لاح پایانیانی كرد كه‌ به‌ ساز كردنی ئه‌و قامووسه‌ خزمه‌تی به‌ په‌رتووكخانه‌ی كوردی كردووه‌.
پاشان ئه‌م وتارانه‌ پێشكه‌ش كران:

 

 


كورته‌ ڕامانێك له‌سه‌ر كولتووری زاره‌كی، له‌ لایه‌ن مه‌لا عومه‌ر ئیمام له‌ پیرانشاره‌وه‌.
نه‌ریتێكی نوێ له‌ فه‌رهه‌نگنووسی كوردیدا، دوكتۆر ره‌هبه‌ر مه‌حموود زاده‌.
عه‌قڵانیه‌ت له‌ فه‌رهه‌نگی زاره‌كیی موكریان‌دا، دوكتۆر جه‌لیل سه‌حابی.
هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌دیان وتارێكی ره‌خنه‌گه‌رانه‌ی له‌سه‌ر فه‌هه‌نگنووسی كوردی‌ به‌گشتی‌و فه‌هه‌نگی زاره‌كیی موكریان به‌ تایبه‌تی پێشكه‌ش كرد.
دواتر سه‌لاح پایانیانی، وێڕای سه‌رنجدان به‌ ره‌خنه‌كان‌و وڵامدانه‌وه‌یان سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نانه‌ی كرد كه‌ بۆ وه‌شانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ یارمه‌تیان داوه‌.
پاشان موراد ئه‌عزه‌می وتارێكی له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی زاره‌كی‌و ده‌روونناسی كۆمه‌ڵگا پێشكه‌ش كرد.
سمایل سه‌ید شوكری، دوایین وتاری به‌ ناوی لێكدانه‌وه‌ی بابه‌تیانه‌ له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی زاره‌كی خوینده‌وه‌.
به‌ دوای ئه‌ودا مریه‌م قازی له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی مه‌هاباده‌وه‌ په‌یامێكی پێشكه‌ش كرد.
جێگای باسه‌، وه‌ڤدی داوه‌رانی ئه‌و كۆڕه‌ بریتیی بوون له‌ ئه‌حمه‌د قازی، ئه‌حمه‌د به‌حری‌و مێهری پاكزاد.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بگوترێ، فه‌رهه‌نگی زاره‌كیی موكریان كۆكراوه‌یه‌كه‌ له‌ په‌ندی پێشینیان‌و قسه‌ی نه‌سته‌قی‌ ناوچه‌ی موكریان له‌ دوو به‌رگ‌دا كه‌ هه‌ر یه‌كیان نزیك به‌ 600 لایه‌ره‌یه‌.

درێژه‌ی باسه‌که‌